گشتی

باندێکی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکران

دەقی هەواڵ

دزینی ماتۆڕ – Slemani Daily

مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان باندێکیان لە سەیدسادق دەستگیرکرد کە هەستاون بە دزینی چەندین ماتۆڕسکیل، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون.

ئەمڕۆ شەممە، 2ی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند؛ دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سکاڵای تۆمارکرد سەبارەت بە دزرانی ماتۆڕسکیلەکەی لەبەردەم ماڵەکەیدا، هێزەکانی پۆلیس بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستیان بە بەدواداچوونی ورد کرد، بە بڕیاری بەڕێز دادوەر، لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەستیپێکرد.

پاش کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و شوێنپێهەڵگرتنی تۆمەتباران، مەفرەزەکانی پۆلیس توانییان دوو تۆمەتبار بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن، لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا، پۆلیس دەستی بەسەر 4 ماتۆڕسکیلدا گرت کە یەکێکیان هی سکاڵاکارەکە و سێ دانەی تریان پێشتر دزرابوون.

تۆمەتبارەکان پێکهاتوون لە:

• (پ، د، یـ) لەدایکبووی ساڵی 2001

• (م، د، ع) لەدایکبووی ساڵی 2000

لە میانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە بە شێوەی باند تاوانەکانیان ئەنجامداوە.

لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون. لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان و ئەگەری هەبوونی تاوانی تری هاوشێوە لەلایەن ئەم باندەوە، بەردەوامە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *