دەقی هەواڵ
ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان – Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین هەڵمەتێکی فراوانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕاوەن (مەلیکە و شاهینە) ڕاگەیاند؛ هاتوچۆ هۆشداریی توند دەدات کە ئەم دیاردەیە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و هیچ جۆرە چاوپۆشییەک لە سەرپێچیکاران ناکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کردووە، کە مەفرەزەکانیان ڕاسپێردراون بە توندترین شێوەی یاسایی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە کە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و نایاسایی بەکاردەهێنن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پلانێکی تۆکمە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان داڕێژراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکان و سنوورەکان، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە لێخوڕینی بێ مۆڵەت و ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەنگی نائاسایی دروست دەکەن و ئارامی شار تێکدەدەن. هاتوچۆ جەخت دەکاتەوە کە سەلامەتیی گشتی هێڵی سوورە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بێ گەڕانەوە دەبێت.
دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە کە لە ناو خەڵکدا بە مەلیکە و شاهینە ناسراون، یەکێکە لە کێشە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای چەندین جار هۆشداری و هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتن، هێشتا بەشێکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە لە شەقامەکاندا دەبینرێن، لایەنە ئەمنییەکان پێیان وایە بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ڕێ خۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی، چونکە هیچ جۆرە زانیاری و تۆمارێکی فەرمییان لە دامودەزگاکانی حکومەتدا نییە.