کێشەی غاز ـ Slemani Daily
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمبوونی سووتەمەنی، لە بەیانییەوە بڕێکی زۆر لە بتڵی غاز دەخرێتە بازاڕەکانی شاری سلێمانی و بەوەش کۆتایی بە قەیرانی غاز دەهێنرێت.
عومەر عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکرای کرد، بۆ ڕۆژی شەممە پلان دانراوە بڕی 30 بۆ 32 هەزار بتڵی غاز لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دابەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕە زۆرەی غاز بەرهەمی 22 کارگەی جیاوازە و پرۆسەی دابەشکردنەکە بەشێوەیەک دەبێت کە هیچ کورتهێنانێک نەمێنێت و پێویستیی هاوڵاتییان بەتەواوی پڕ بکاتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی غازی نێردراو بۆ کارگەکانی سلێمانی، جۆرێک لە قەیران و بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکاندا سەریهەڵدا، ئەمەش نیگەرانی هاوڵاتییانی لێکەوتەوە. قائیمقامیەتی سلێمانیش چەند لیژنەیەکی بۆ چاودێریکردنی نرخ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری پێکهێناوە تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

