هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە عێراق و کوردستان دەدرێت

دەقی هەواڵ

پشوو – Slemani Daily

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە وەزارەتی بەرگری پرسی دەستپێکردنەوەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێی تاوتوێ کرد؛ ئامانج لێی سوودبینینە لە توانای گەنجان بۆ بەهێزکردنی سوپای عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری، جەخت لە گرنگی ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان کرایەوە، بەپێی پڕۆژەیاساکە، خزمەتی سەربازی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵ دەگرێتەوە، کە تێیدا ماوەی خزمەتەکە بەپێی ئاستی خوێندەواری دیاری دەکرێت.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئەمە یاسایەکی فیدراڵییە، لە ڕووی دەستوورییەوە هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە بەڵام جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەماهەنگی و ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بۆ یەکلاکردنەوەی شوێنی خزمەتکردنی گەنجانی کورد و دابینکردنی بودجەی پێویست.

پرسی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە عێراق، کە لە ساڵی 2003وە ڕاگیراوە، یەکێکە لەو بابەتە مشتومڕاوییانەی کە چەند ساڵێکە لەناو نێوەندە سیاسییەکاندا باس دەکرێت، لایەنگرانی ئەم پڕۆژەیاسایە پێیان وایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بێکاری لەناو گەنجان و نەمانی تائیفیەت لەناو سوپادا، لە کاتێکدا هەندێکی تر نیگەرانن لە تێچووە داراییە زەبەلاحەکانی ئەم سیستەمە بۆ سەر بودجەی گشتی وڵات.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان