دەقی هەواڵ
کوشتن ـ Slemani daily
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگای ئورفای باکووری کوردستان، هێرشێکی چەکداری لەناو خوێندنگەیەکدا ڕوویداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بوونە قوربانی.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێرشەکە لەلایەن خوێندکارێکی هەمان خوێندنگەوە ئەنجامدراوە، لە کاتی دەستپێکردنی تەقەکاندا، دۆخێکی ترسناک لەناو پۆلەکاندا دروست بووە، ئەمەش وایکردووە خوێندکاران بۆ ڕزگارکردنی گیانیان پەنا بۆ ڕێگەی مەترسیدار ببەنو خۆیان لە شوێنی بەرز هەڵبدەنە خوارەوە.
تا ئێستا ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە 13 کەس برینداربوون، سەرچاوەکان دەڵێن: “بەشێک لە بریندارەکان ئەو خوێندکارانەن کە لە ترسی دەستڕێژی گوللەکە، لە پەنجەرەی پۆلەکانەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.”
تیمە تەندروستییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی ئورفا گواستووەتەوە. هاوکات هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەبارەی هۆکاری پشت هێرشی ئەو خوێندکارە بۆ سەر هاوڕێ و مامۆستاکانی.

