دەقی هەواڵ
پسووڵەی خۆراک ـ Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی کۆتایی بە نیگەرانی هەزاران خێزان هێنا و ڕایگەیاند، نەبوونی پسووڵەی خۆراک چیتر ڕێگر نییە لەبەردەم وەرگرتنی بەشە نەوت و غاز، و ڕێکارێکی ئاسان بۆ ئەو مەبەستە دیاریکرا.
ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بێبەشبوونی خێزانە بێ پسووڵەکان دەکەن ڕایگەیاند: “هەر خێزانێک پسوڵەی خۆراکی نەبێت لە وەرگرتنی نەوت و غاز بێبەش نابێت.”
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەو خێزانانە دەتوانن تەنها بە وەرگرتنی “پشتگیرییەکی فەرمی” لە بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراک، ڕاستەوخۆ بچنە بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەکان و بەشە سووتەمەنی و غازی خۆیان بەبێ چاوەڕوانی وەربگرن.

