دەقی هەواڵ
چەمچەماڵ – Slemani Daily
دوێنێ لە گەڕەكی ڕاپەڕینی قەزای چەمچەماڵ، تاوانێكی جەرگبڕ ڕوویدا و تێیدا منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ بە ناوی (ئیمان د. ب.) لەسەر دەستی دایكی گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەكان، تاوانەكە بە شێوازێكی زۆر دوور لە مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە، پێش گیانلەدەستدانی، ئیمانی تەمەن چوار ساڵ ڕووبەڕووی ئازارێكی جەستەیی زۆر بووەتەوە و تەنانەت بەشێك لە پێستی سەری لێكراوەتەوە، ئەوەش نیشانەی دڕندەیی مامەڵەی بكەرەکەیە لەگەڵ منداڵەكەدا.
لە كاتی ڕووداوەكەدا، باوكی ئیمان لە ناحیەی سەنگاو سەرقاڵی كاركردن بووە و لە ماڵەوە نەبوو، پاش ئاشكرابوونی ڕووداوەكەش، دەستبەجێ دراوسێكان و هێزە ئەمنییەكان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و تەرمەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە.
سەبارەت بە ڕێكارە یاساییەكان، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، لە ئێستادا هەریەك لە دایك و باوكی ئیمان دەستگیركراون. لێكۆڵینەوەی ورد دەستی پێكردووە بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری سەرەكی پشت ئەم تاوانە و گەیشتن بە ڕاستییەكان.

