ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە

دەقی هەواڵ

کوردستان – Slemani Daily

ئەمڕۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە.

 ئەمڕۆ چوارشەممە,8ی نیسانی 2026, دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند: “دوای نزیکەی پێنج هەفتە لە ڕاگرتنی گەشتەکان، لە ئێستادا هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی، دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی خشتەی گەشتی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی.”

 دیلان ڕەشاد ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێری داهاتوودا، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی ئامادە دەبن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی و دەستپێکردنەوەی ئاسایی گەشتەکان.

ماوەی 35 ڕۆژ بوو گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی ڕاگیرابوون, هۆکاری سەرەکی ئەم ڕاگرتنە دەگەڕایەوە بۆ تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی ناوچەکە و ململانێ و شەڕی نێوان (ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا)، کە مەترسی جدییان لەسەر سەلامەتی کایەی ئاسمانی دروست کردبوو, ئەمڕۆ دوای هێوربوونەوەی بارودۆخەکە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکان درایەوە.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان