دەقی هەواڵ
کێشەی کارەبا – Slemani Daily
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کورتهێنان لە بەرهەمهێنان و زیادبوونی فشاری سەر تۆڕەکان، ناتوانرێت کارەبای بەردەوام دابین بکرێت و هاوینی ئەمساڵ بۆ هاووڵاتییان سەخت دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئایاری 2026، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست، دابینکردنی کارەبا بۆ حکومەت و هاووڵاتییان دەچێتە قۆناغێکی “قورس”ەوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەت جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە لە ئێستادا پێدانی کارەبا تا ڕادەیەک جێگیرە، بەڵام ئەمە بە واتای بەردەوامی کارەبای (24 کاتژمێری) نایەت، ئامانجی سەرەکی وەزارەت لەم کاتەدا تەنها پاراستنی جێگیریی ئەو بڕە کارەبایەیە کە هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڕانی کتوپڕ و کوژانەوەی گشتی بکرێت.
ئەحمەد موسا ڕوونی کردەوە، زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا پەیوەستە بە تەواوبوونی وێستگە نوێیەکان، بەڵام ئەو پڕۆژە گەورانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان هێشتا نەکەوتوونەتە کار، تا ئەوانیش نەکەونە خزمەتەوە ئاستی بەرهەمهێنان وەک پێویست زیاد ناکات.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، قەیرانی کارەبا لە عێراقدا بەرەو خراپتر دەچێت، ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتدا ناتوانێت تەنانەت نیوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکان پڕ بکاتەوە، ئەمەش ساڵانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و فشاری زۆر لەسەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان.