یەختێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی نێوان ماڵتا و ئیتاڵیا نقوم بوو، زیاتر لە 20 کەس خنکاون لەنێویاندا کورد هەیە
ڕەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچبەران ڕایگەیاند” تا ئێستا خنکانی 22 کەس پشتڕاستبووەتەوە و چارەنوسی بەشێکیشیان نادیارە.”
ڕەنج پشدەری دەڵێت؛ سێ لەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە کوردن و خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن، کۆچبەرەکانی دیکەش، خەڵکی عێراق و سودان و ئەفغانستان و میسڕ و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکەن.
ڕەنج پشدەری، ئاماژەی بەوەشکرد، یەختەکە لە لیبیاوە بەڕێکەوتووە بە مەبەستی چونە ئیتاڵیا، ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە، ڕێگەیان هەڵەکردوە لەگەڵ ئەوەی داوای بەهاناوەچوونیان لە هەردوو لایەنی پەیوەندیدار لە ماڵتا و ئیتاڵیا کەس بە هانایانەوە نەچوە و 24 کاتژمێر یەختەکە تیکشکاوە.
ئاژانسی فرانس پرێس، لە دەسەڵاتی خۆجێی فەرەنساوە ڕایگەیاند” 185 کۆچبەر لە کەناراوەکانی فەرەنسا ڕزگار کراون، کە هەوڵیان دەدا بە بەلەم بگەنە بەریتانیا.”
یەکێک لەو ڕێگا مەترسیدارانەی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەکاریدەهێنن، ڕێگای دەریایە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران بەهۆی نقومبوونی بەلەم و یەختەکان دەخنکێن، بەشێکیان بێسەروشوێن و تەنانەت تەرمەکانیشیان نادۆزرێنەوە.