گشتی

ملیۆنان کەس لە ئەمریکا دژی “پاشایەتی” ترەمپ دەڕژێنە سەر شەقامەکان

یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکان لە مێژووی ئەمریکا بە بەشداریی ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری وڵاتدا بە دروشمی “No Kings” (بێ پاشا) دژی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی دۆناڵد ترەمپ و بڕیارەکانی ئەنجامدرا.

دوێنێ شەممە زیاتر لە 2500 چالاکی و گردبوونەوە لە تەواوی 50 ویلایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بەشدارییەکی زۆر لە شارە گەورەکانی وەک واشنتۆن و نیویۆرک بەدیکرا و خۆپیشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بەو کارانەی کە وەک هەوڵەکانی ترەمپ بۆ تێپەڕاندنی سنوورە دەستوورییەکان سەیر دەکرا.

داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران تایبەت بوون بە کۆتاییهێنان بە داخستنی بەردەوامی حکومەتی فیدراڵی، وەستاندنی سیاسەتی توندی کۆچ، و دژایەتیکردنی ناردنی هێزە فیدراڵییەکان بۆ ناو شارەکان.

کاردانەوەکان بە شێوەیەکی توند دابەش بوون؛ لایەنگری  دیموکراتەکان خۆپیشاندانەکانیان بە “بەرگریکردن لە دیموکراسی” وەسف کرد، لە کاتێکدا کۆمارییەکان ڕەخنەیان لێگرت و بە “کۆبوونەوەی دژە-ئەمریکی” ناویان برد و خۆپیشاندەرانیان بە درێژکردنەوەی قەیرانی حکومەت تۆمەتبار کرد.

جیا لە خۆپیشاندان دژی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆکان بۆ پشتگیریکردنی فەلەستین و دژایەتیکردنی ئیسرائیل بەردەوامە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *