دەقی هەواڵ
مووچە پێشمەرگە – Slemani Daily
دوای بێبەشبوونیان بۆ ماوەی 14 مانگ، زۆربەی خانەنشینانی یەکەکانی 70 و 80 مووچەکانیان وەردەگرن، بەڵام گروپێکی 200 کەسی بۆ ماوەی 15 مانگە چاوەڕوانن و هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەو گرفتە داراییەی ڕووبەڕووی نزیکەی 1,000 پێشمەرگەی خانەنشین ببووەوە بەرەو کۆتایی دەچێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرینەیان مامەڵەکانیان تەواو کراوە و مووچەی مانگی 4 وەردەگرن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیکردەوە کە هێشتا 200 پێشمەرگەی خانەنشین بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارە یاساییەکان لە لیستی مووچەی مانگی 4 جێیان نەبووەتەوە، بەڵام دڵنیایی دا کە لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی 5دا هەموو شایستەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.
ئەم دواکەوتنە پەیوەندی بە پرۆسەی گواستنەوەی میلاکاتی یەکەکانی 70 و 80ـەوە هەیە بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری. بەشێکی تری کێشەکەش بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 2024دا خانەنشین بوون و پرۆسەی گۆڕینی ناسنامە و مامەڵە کارگێڕییەکانیان کاتی زیاتری خایاندووە.