گیان لەدەستدانی مێردمنداڵێک – Slemani Daily
مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە گەڕەکی کۆماریی خورماتوو، دوای ئەوەی لە ڕێگەی لینکی یارییەکی تیکتۆکەوە 7 دەفتەر دۆلاری ماڵەوەیانی دۆڕاند، لەلایەن باوک و خاڵیەوە دەسترێژی لێدانی کرایە سەر و بەهۆی سەختیی ئاسەواری ئەشکەنجەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەرهەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تەرمی مێردمنداڵێکی کورد بە ناوی (ئەمین جەلیل) تەمەن 16 ساڵ، گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو کە ئاسەواری ئەشکەنجەی توند بە جەستەیەوە دیار بوو. دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن پۆلیسەوە، باوک و خاڵی کوڕەکە دانیان بەوەدا نا کە لەژێر لێدان و ئەشکەنجەدا کوشتوویانە، ئەوەش دوای ئەوەی ناوبراو بڕی 70 هەزار دۆلاری خێزانەکەی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆکەوە دۆڕاندبوو.
هارون ڕەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو ڕایگەیاند، شوێنی ئەشکەنجەی زۆر بە جەستەی قوربانییەکەوە دیار بووە و بەهۆی درەنگ گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، لە ڕێگەدا گیانی لەدەستداوە.
لەلایەکی ترەوە عەمید بەدر خەڵەف، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتیی خورماتوو ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە لە گەڕەکی کۆماری و باوکی تەمەن 49 ساڵیی مێردمنداڵەکە و خاڵی دەستگیر کراون. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، پۆلیسی خورماتوو ڕوونی کردەوە کە ئەم مێردمنداڵە (لەدایکبووی 2010) لە ڕێگەی لینکی یارییەک لە تیکتۆکەوە لەلایەن چەند کەسێکەوە هەڵخەڵەتێنراوە، بەو هۆیەوە سەرجەم پارەی هەژماری بانکیی خێزانەکەی کە بڕەکەی “حەوت دەفتەر دۆلار” (70 هەزار دۆلار) بووە، دۆڕاندووە.
دیاردەی فێڵکردن و هەڵخەڵەتاندنی بەکارهێنەران لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە لەم دواییانەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت بەرامبەر بە چینی مێردمنداڵان و گەنجان. شارەزایانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەردەوام هۆشداریدەدەن لە مەترسییەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و بەکارهێنانی بێپێوەری تۆڕەکانی وەک تیکتۆک، لەگەڵ پێویستیی هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان بۆ چاودێریکردنی منداڵەکانیان لە شوێن نەکەوتنی ئەپڵیکەیشنە سێبەرییەکان لەبری پەنابردنە بەر توندوتیژی.
