گشتی

ژنێکی دووگیانی17 ساڵ لەلایەن هاوسەرەکەی سووتێنرا

سووتاندنی ژنێکی دووگیان – Slemani Daily

لە ڕووداوێکی توندوتیژی بەئازاردا لە شاری کەرکووک، ژنێکی تەمەن 17 ساڵ کە دووگیان بوو، بەهۆی ڕێژەیەکی زۆری سووتاندنەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. پۆلیسی ناوچەکە هاوسەری قوربانییەکەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستگیر کردووە.

شەوی ڕابردوو لە ناوچەی شەریکە تاریق ی شاری کەرکووک، ژنێکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی (ن. م) بە سووتاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە, بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی، ڕێژەی سووتانی جەستەی %85 بووە. قوربانییەکە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا، وە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوبردوو دووگیان بووە بە دووانە و هەردوو کۆرپەلەکەی ناو سکی پێش گیانلەدەستدانی خۆی مردوون.

پێش وەفاتکردنی، ژنەکە  سکاڵای یاسایی لەسەر هاوسەرەکەی تۆمار کردووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی بە نەوت جەستەی سووتاندووە. ڕاستەوخۆ دوای سکاڵاکە، هێزەکانی پۆلیس هاوسەری قوربانییەکەیان وەک تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر کردووە و تاووتوێی دۆسیەکە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

دیاردەی توندوتیژی خێزانی و کوشتن یان سووتاندنی ژنان و کچانی تەمەن بچووک، یەکێکە لە کێشە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکان لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان. سەرەڕای بوونی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و هەوڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هاوسەرگیری پێشوەختە (خوار18 ساڵ) و توندوتیژی جێندەری ساڵانە دەبنە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و گیانلەدەستدانی دەیان ژن و کچ، شارەزایانی کۆمەڵایەتی و چالاکوانان بەردەوام داوای جێبەجێکردنی سزای توندتر و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەکەن بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *