گشتی

فرۆکەیەکی ئێرانی بە 175 سەرنشینی عێراقی وەرگەڕا

ڕووداوی فڕۆکە – Slemani Daily

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێرانی لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەشهەد، لە ڕێڕەوی دیاریکراوی خۆی لایدا و تووشی ڕووداوێک بوو، بەڵام سەرجەم 175 سەرنشینە عێراقییەکەی ناوی بە سەلامەتی ڕزگارکران.

ڕووداوەکە لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکەدا لەسەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەشهەد ڕوویداوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، فڕۆکەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی و خراپی کەشوهەواوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و لە ڕێڕەوی ئاسایی خۆی لایداوە.

تیمی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەی فڕۆکەخانەکە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و سەرجەم سەرنشینەکانیان، کە 175 گەشتیاری عێراقی بوون، بە یارمەتی ستافی فڕۆکەکە بەبێ هیچ بریندارییەکی سەخت و بە سەلامەتی دابەزاندووە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری دروستبوونی ئەم لادانە.

شارۆچکەی مەشهەد لە ئێران یەکێکە لە ناوەندە ئایینی و گەشتیارییە گرنگەکان کە ڕۆژانە بە سەدان هاووڵاتیە شیعە مەزهەب و  گەشتیاری عێراقی ڕووی تێدەکەن. لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی سزاکانی سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران و سەختی لە دەستەکەوتنی پارچەی یەدەگ، هێڵە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ئاستەنگی تەکنیکی و کۆنبوونی فڕۆکە ئاسمانییەکانیان بوونەتەوە، ئەمەش بوەتە هۆی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە فڕۆکەخانە جیاوازەکاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *