کەسایەتیەکی سلێمانی کۆچی دوایکرد – Slemani Daily
دابانی کەبابچی، یەکێک لە وەستا دیار و بەناوبانگەکانی ئامادەکردنی کەباب لە شاری سلێمانی، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە هەواڵی کۆچی دوایی دابانی کەبابچی بڵاوبووەوە، کە وەستایەکی ناسراوی شاری سلێمانی بوو. ناوبراو ماوەیەکی درێژ وەک وەستای سەرەکیی کەباب لە کەبابخانەی دیاری (تایەری حەمەبچکۆل پێنجوێنی) لە سلێمانی کاری دەکرد و لە بواری خۆیدا خاوەنی ناو و ناوبانگێکی دیار بوو لەسەر ئاستی شارەکە.
کەبابخانەی “تایەری حەمەبچکۆل پێنجوێنی” تەنها شوێنێکی نانخواردن نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیرەوەری و مێژووی زیندووی بازاڕی سلێمانی. ئەم کەبابخانە دێرینە دەیان ساڵە بە پاراستنی تامی ڕەسەنی کەبابی کوردی و پێشوازیکردن لە خەڵکی شار و گەشتیاران ناسراوە. پێگەیشتن و کارکردنی وەستایانی لێهاتووی وەک وەستا دابان لە شوێنێکی وەها مێژووییدا، بەڵگەی شارەزایی و بەجێهێشتنی شوێنپەنجەیەکی دیارە لە کولتووری خۆراکی و بازاڕیی سلێمانی.
