باندی فێڵکردن ـ Slemani Daily
لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە قەزای ڕانیە، باندێکی ساختەکار ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر (وەنەوشە) مۆدێل 2022 لە هاووڵاتییەک وەردەگرن و دواتر لە ڕێگەی سیناریۆیەکی داڕێژراوەوە، بڕی 22 هەزار دۆلار (220 وەرەقە) وەک سەرانە لە خاوەنەکەی دەستێنن.
هاووڵاتییەک کە نیشتەجێی وڵاتی ئەورووپایە و بە سەردان گەڕاوەتەوە ڕانیە، ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە مەبەستی فرۆشتن دەسپێرێتە کەسێک بە ناوی (محەمەد عەبدوڵڵا چاوڕەش). ناوبراو دوای وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، بۆ ماوەی مانگێک خۆی ون دەکات و دواتر بە خاوەنەکەی ڕادەگەیەنێت کە ئۆتۆمبێلەکەی بە بڕی 60 هەزار دۆلار (6 دەفتەر) فرۆشتووە، بەڵام نە پارەکە و نە ئۆتۆمبێلەکە ڕادەستی خاوەنەکەی ناکاتەوە.
دوای ئەوەی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە پەنا دەباتە بەر (عەبدوڵڵا چاوڕەش)ی باوکی محەمەد، ناوبراو سەرەتا بێئاگایی خۆی لە شوێنی کوڕەکەی نیشان دەدات. دواتر باوک و کوڕەکە سیناریۆیەک دادەڕێژن و دەڵێن “ئۆتۆمبێلەکە بە کەسێک فرۆشراوە و بۆ وەرگرتنەوەی، پێویستە خاوەنەکەی بڕی 22 هەزار دۆلار (220 وەرەقە) زەرەر بدات”. خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەش بۆ وەرگرتنەوەی موڵکی خۆی، ناچار دەبێت ئەو بڕە پارەیە بداتە عەبدوڵڵا چاوڕەش تا ئۆتۆمبێلەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە دیاردەی فێڵکردن و دەستبڕین لە دەڤەرەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە و هاووڵاتییان نیگەرانن لە لاوازی سەروەریی یاسا، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هادی موحسین، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی ڕاپەڕین، بەرامبەر ئەم کەیسە بێدەنگیی هەڵبژاردووە و ئامادە نەبووە ڕوونکردنەوە بدات، ئەندامانی باندەکە بە ئازادی لە ناوچەکە دەسووڕێنەوە.
