کۆرەک تێلیکۆم ـ Slemani Daily
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە سەرجەم بەکارهێنەرانی سیمکارتی “کۆڕەک تێلیکۆم” و داوایان لێدەکات ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرنەبەر، پێش ئەوەی خزمەتگوزاری وەرگرتنی کورتەپەیام (SMS) و کۆدی دڵنیایی لەسەر ژمارەکانیان بە تەواوی ڕابووەستێت.
لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا، کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی سەر بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆڕەک و جەخت دەکاتەوە کە ڕاوەستانی نزیکی خزمەتگوزاری کورتەپەیام دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان توانای وەرگرتنی کۆدی دڵنیایی (OTP) بۆ چوونەژوورەوەی هەژمارەکانیان لەدەستبدەن.
لەم سۆنگەیەوە، داوا لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆڕەک دەکرێت بەپەلە هەژمارەکانیان لە فەیسبووک، واتسئەپ، ئینستاگرام و پلاتفۆرمەکانی دیکە لە ژمارەی کۆڕەکەوە بگوازنەوە سەر ئیمەیڵ، ئەپڵیکەیشنی دڵنیایی (Authenticator)، یان ژمارەی تۆڕەکانی دیکە.
بەپێی هۆشدارییەکەی کۆمیسیۆن، بڕانی ئەم خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆ مەترسی قوفڵبوون و لەدەستدانی دەستگەیشتن بە هەژمارە کەسی و بازرگانییەکان لەسەر بەکارهێنەران دروست دەکات.
ئەم هۆشدارییەی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە چوارچێوەی ئەو سزایە دارایی و یاساییانەدا دێت کە بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە بەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆمدا سەپێنراون. پێشتریش کۆمیسیۆن بەستەرە پەیوەندییەکانی کۆڕەکی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی لە عێراق بڕیبوو، بەوەش بەشێکی زۆری خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیایە تووشی ئاستەنگ و ڕاوەستان بوونەتەوە.
