گشتی

ئاسایش دەستگیرکردنی 7 تیرۆریستی داواکراوی داعشی ڕاگەیاند

دەستگیرکردنی تیرۆرست ـ Slemani Daily

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دەستگیرکردنی حەوت تیرۆریستی داواکراوی دادگاکانی عێراقی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، کە لە ڕابردوودا چەکداری گرووپی تیرۆریستی داعش بوون و ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کرانەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، ئۆپراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری ئەنجامدراوە. تێیدا توانراوە حەوت تیرۆریستی داواکراوی دادگاکانی عێراق بەپێی ماددەی (4ی تیرۆر) دەستگیربکرێن، کە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری خۆیان حەشاردابوو.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ڕێککەوتی 18ی ئابی 2026, سەرجەم دەستگیرکراوەکان بەپێی تایبەتمەندیی شوێنی تاوانەکانیان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق کراونەتەوە، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و بەرێوەچوونی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.

دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، بە بەردەوامی لە هەماهەنگیی هەواڵگریی بەهێزدان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی باڵەکانی تەشکیلاتی داعش. پارێزگای سلێمانی ڕێکارە ئەمنییەکانی توندتر کردووەتەوە بۆ ڕێگری لە خۆحەشاردانی ئۆقرەگرتووان و داواکراوانی ماددەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *