گشتی

لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی نەخۆشێک خۆی لە نهۆمی دووەمەوە هەڵداخوارەوە و گیانی لەدەستدا

نەخۆشخانەی شار

خۆکوشتن ـ Slemani Daily

ئەمڕۆ سێشەممە، پیاوێکی تەمەن 63 ساڵ کە بە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی خەوێندرابوو، لە نهۆمی دووەمی نەخۆشخانەکە خۆی هەڵداخوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە دەوروبەری کاتژمێر 06:00ی بەیانی ڕوویداوە، کاتێک نەخۆشێکی تەمەن 63 ساڵ کە دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوایە، لە پەنجەرەی ژوورەکەی لە نهۆمی دووەمی نەخۆشخانەی شار خۆی فڕێداوەتە خوارەوە.

دیارینەکردنی ئەنجامی کۆتایی پشکنینەکانی بووەتە هۆی دروستبوونی بارودۆخێکی دەروونی ئاڵۆز بۆ نەخۆشەکە، پێش ئەوەی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی یەکلایی ببنەوە کە ئایا بەڕاستی تووشی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بووە یان نا، ئامادە نەبووە چاوەڕێ بکات و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون یەکێکە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییە مەترسیدارەکان کە لە ڕێگەی ئاژەڵ یان مێرووەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، گومانلێکراوانی ئەم نەخۆشییە لەژێر چاودێریی وردی تەندروستیدا ڕادەگیرێن تاوەکو ئەنجامی پشکنینە تاقیگەیییەکانیان دەردەچێت، بەهۆی مەترسی و کاریگەرییە دەروونییەکانی نەخۆشییەکەوە، هەندێک جار نەخۆش تووشی پەشۆکاندن و گوشاری دەروونی سەخت دەبێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *