خنکانی بەرپرسێک – Slemani Daily
لە ڕووداوێکی نەخوازراودا لە پارێزگای دیالە، فەرماندەی لیوای 103ی سوپای عێراق لە کاتی مەلەکردندا خنکا و تاوەکو ئێستاش هەوڵەکانی تیمەکانی ڕزگارکردن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی ئەنجامیان نەبووە.
ئەمڕۆ شەممە 25ی تەممووزی 2026، عەمید هەیسەم سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی هەینی عەمید ڕوکن فەیسەڵ جەواد کازمی، فەرماندەی لیوای 103ی پیادەی سەر بە فرقەی 25ی سوپای عێراق لە ئاودا خنکاوە. بە گوتەی پۆلیسی پارێزگاكە، فەرماندەکە لەگەڵ خێزانەکەی باخێکیان لە سنووری ناحیەی شەت جەدیدە بەکرێ گرتووە و لە کاتی مەلەکردندا ژێر ئاو کەوتووە، تاوەکو ئێستاش تیمەکانی مەلەوانی بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی.
هاوکات ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، کۆچی دوایی عەمید ڕوکن فەیسەڵ جەواد کازمیی بەهۆی “ڕووداوێکی نەخوازراوی خنکان”ەوە ڕاگەیاند.
