منداڵێک گیانی لەدەستدا – Slemani Daily
لە ئەنجامی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆدا لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان لەبەردەم ماڵی خۆیاندا کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلێکی جۆری (توێتا لاندگرۆزەر) کە شۆفێرەکە باوکی منداڵەکە بووە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
دوای ڕووداوەکە، تەرمی منداڵەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار, لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند کە منداڵەکە پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی سپاردبوو، بۆیە بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزاکە کراوە.
هاوکات، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕێکارە یاساییەکانیان دەستپێکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ڕووداوەکە کراوەتەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکار و چۆنیەتی ڕوودانی فاجیقەکە.
ڕووداوەکانی شێلانی منداڵان لەبەردەم ماڵەکانیاندا لە هەرێمی کوردستان، زۆرجار بەهۆی نەبینینی منداڵ لەلایەن شۆفێرەوە لە کاتی جوڵانی ئۆتۆمبێل (بە تایبەت ئۆتۆمبێلە بەرزەکان) یان بەهۆی بێئاگایی خێزانەکان لە چاودێریکردنی منداڵەکانیان لەسەر شەقامەکان ڕوودەدەن، ئەمەش وایکردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام هۆشداری بدەنە شۆفێران و دایکان و باوکان کە زیاتر وریابن.
