کێشەی غاز – Slemani Daily
سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی و قایمقامی قەزای هەڵەبجە شێواز و ڕێکارە نوێیەکانی دابەشکردنی غازی ماڵانیان لە سنوورەکەیان ئاشکرا کرد، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەیران و دابینکردنی دادپەروەری لە پرۆسەی دابەشکردنەکەدا.
سەبارەت بە ڕێکارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بابان ئەحمەد سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەت ڕایگەیاند کە لەمڕۆوە پرۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان بەپێی کۆپۆنی خۆراک دەستپێدەکات و هەر ئۆتۆمبێلێکی دابەشکردن بچێتە گەڕەکەکان غاز بەسەر ماڵاندا بەبێ جیاوازی دابەش دەکات بە مەرجێک مۆر لە کۆپۆنەکە بدرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە نرخی هەر بوتڵێک بە هەشت هەزار و پێنجسەد دینار وەک خۆی ماوەتەوە و لەم قۆناغەدا هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵی پێدەدرێت.
بابان ئەحمەد ڕاشیگەیاند ئەو خێزانانەی کۆپۆنی خۆراکیان نییە دەتوانن سەردانی قایمقامیەت بکەن بۆ وەرگرتنی پشتگیری و هاوسەرە نوێیەکانیش دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک پسووڵەی نوێ دروست بکەن.
لەلایەکی دیکەوە و لە سنووری قەزای هەڵەبجە، سمکۆ سالار قایمقامی قەزاکە ئاشکرای کرد کە بۆ ڕێگری لە قۆرخکاری شێوازی دابەشکردنی غازیان گۆڕیوە و پرۆسەکەیان لە کۆپۆنی خۆراکەوە کردووە بە پسووڵەی نەوت، بەپێی ئەم سیستەمە نوێیەش لە پێناو سوودمەندبوونی زۆرترین خێزان هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵ غازی پێدەدرێت، جەختیشی کردەوە کە نرخی فەرمی لە هەڵەبجەش هەمان نرخی پێشووە کە هەشت هەزار و پێنجسەد دینارە و تیمەکانیان چاودێرییەکی وردی بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی نرخ و قۆرخکارییەک بکەن.
ئەم ڕێکارە نوێیانەی سلێمانی و هەڵەبجە دوای ئەوە دێن کە لە 16ی تەممووزی 2026دا کۆمپانیای دانە غاز ڕایگەیاند بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ ڕاگرتووە.
