ڕووداوی هاتووچۆ – Slemani Daily
شۆفێرێکی سەرخۆش بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تاهۆ) خۆی کێشا بە ناو کۆمەڵێک زیارەتکاردا کە بە پێ بەرەو کەربەلا بەڕێوەبوون، لە ئەنجامدا 9 زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە قەزای هارسەی باکووری پارێزگای بەسرا، بەهۆی ڕووداوێکی شۆککەرەوە 9 زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشا بە ناو کۆمەڵێک پیادەدا کە بە پێ بەرەو شاری کەربەلا بەڕێوەبوون, دواتر دەرکەوت شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەژێر کاریگەریی کحوولدا بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نەزیر عەبدولهادی شاوی، قایمقامی قەزای هارسە، ڕووداوەکە لە دەوروبەری کاتژمێر4:30ی بەیانی ئەمڕۆ 16ی تەممووزی 2026 ڕوویداوە. ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری “شێڤرۆلێت تاهۆ” بووە و بە خێرایی خۆی کێشاوە بەو هاووڵاتییانەدا کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئایینی، بە پێ بەرەو کەربەلا دەڕۆیشتن.
قایمقام ئاشکرای کرد کە دوای دەستگیرکردنی شۆفێرەکە و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆی، سەلمێنراوە کە لە کاتی شۆفێرییەکەدا سەرخۆش بووە، لە ئێستاشدا لە بنکەی پۆلیسی هارسە بەندکراوە.
لای خۆشیەوە، ماهر عامری، جێگری پارێزگاری بەسرا زانیاری زیاتری خستەڕوو و ڕایگەیاند کە زۆربەی قوربانییەکان هاووڵاتیی عێراقین. سەبارەت بە دۆخی بریندارەکانیش ئاماژەی بەوە کرد کە7 لە بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێکارە یاساییەکان لەلایەن دادگاوە دژی شۆفێرە تۆمەتبارەکە دەستپێکراون.
ساڵانە لەعێراق بەملیۆنان موسڵمانی شیعە مەزهەب لەبۆنە ئایینییە جیاوازەکاندا بەتایبەت لەمەراسیمی چوارشەممەی ئیمام حسێن بەپێ لەپارێزگاکانی ناوەڕاست وباشوورەوە بەرەو شاری کەربەلا بەڕێدەکەون, بەهۆی قەرەباڵغی ڕێگاکان و هەندێکجار نەبوونی ڕووناکی یان پابەندنەبوونی شۆفێران بەڕێساکانی هاتووچۆوە،ناوەناوە ڕووداوی لەمشێوەیە لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان تۆماردەکرێن،کەئەمەش پاراستنی گیانی زیارەتکارانی کردووەتە ئەولەویەتێکی ئەمنیی و تەندروستی لەم وەرزانەدا.
