27 کەس گیانیان لەدەستدا – Slemani Daily
ڕووداوێکی شۆکهێنەر پایتەختی تایلاندی هەژاند، کاتێک بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە یانەیەکی شەوانەی شاری بانگکۆک، لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستدا. بەرپرسانی وڵاتەکە ڕایانگیاند کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و لێکۆڵینەوەش لە هۆکارەکەی دەستیپێکردووە.
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 12-07-2026، ئانوتین چارنڤیراکوول، سەرۆکوەزیرانی تایلاند خۆی گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و لەوێوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بەهۆی کارەساتەکەوە 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش لە بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنی ئاگرەکە، سەرۆکوەزیران پشتی بە گەواهی میوزیکژەنێکی یانەکە بەست کە لەوێ کاری کردووە؛ میوزیکژەنەکە ئاشکرای کردووە کە سەرەتا لە سێرکتێکی کارەبایی نزیک شانۆکەوە دووکەڵ بەرزبووەتەوە و دەستبەجێ کارەبا بڕاوە، بە وتەی ئەو شایەتحاڵە، دوای ئەوە دەنگی تەقینەوە بیستراوە و دووکەڵێکی چڕ تەواوی شوێنەکەی تەنیوە.
چارنڤیراکوول ئاماژەی بە دۆخێکی تراژیدی کرد و ڕایگەیاند کە زۆربەی تەرمی قوربانییەکان لە نێو دەستشۆرەکانی بەشی دواوەی یانەکەدا دۆزراونەتەوە، کە بەهۆی دووکەڵ و نەبوونی ڕێگەی دەرچوونەوە لەوێ گیانیان لەدەستداوە.
ئەم ڕووداوە لە یانەی شەوانەی (Na Ladprao) ڕوویدا کە دەکەوێتە بەشی باکووری شاری بانگکۆک، لەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، کاتێک ئاگرەکە دەتەقێتەوە دووکەڵێکی ڕەش و چڕ بە ئاسماندا دەڕوات و خەڵکێکی زۆر بە شڵەژاوی لە ترسی گیانیان هەڵدێن.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای گەیشتنیان، پێویستیان بە نزیکەی نیو کاژێر (30 خولەک) هەبوو بۆ ئەوەی بە تەواوی بەسەر ئاگرەکەدا زاڵ ببن، وێنەکانی دوای کارەساتەکە قەبارەی وێرانکارییەکە پیشان دەدەن، بە شێوەیەک تەواوی مێز، کورسی و کەلوپەلەکانی ناو یانەکە سووتاون و بوونەتە خەڵوز.
