گشتی

باڵیۆزخانەی تورکیا نووسینگەکانی ڤیزای لە سلێمانی و کەرکووک کردەوە

ڤیزەی تورکیا – Slemani Daily

باڵیۆزخانەی تورکیا لە عێراق بە فەرمی کردنەوەی نووسینگەکانی وەرگرتنی داواکاریی ڤیزای تورکیای لە شارەکانی سلێمانی و کەرکووک ڕاگەیاند، کە لە ڕۆژی سێشەممە (7ی تەممووزی 2026)ەوە دەستیان بە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان کردووەتەوە. هاوکات کۆمپانیایەکیش وەک تاکە لایەنی فەرمی بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی باڵیۆزخانەی تورکیا، لەمەودوا کۆمپانیای “Gateway/VFS Global” وەک تاکە لایەنی فەرمی و ڕێپێدراو لەلایەن حکومەتی تورکیاوە کار دەکات. ئەم کۆمپانیایە بەرپرس دەبێت لە وەرگرتن، بەڕێکردن و ڕاییکردنی سەرجەم مامەڵەکانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە نووسینگەکانی سلێمانی و کەرکووک بە فەرمی دەرگایان بەڕووی هاووڵاتییاندا کراوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ڕێکخراو پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی ڤیزا بەڕێوەبچێت.

دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی کارەکانی نووسینگەی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە سلێمانی بەهۆی ئاڵۆزییە دیپلۆماسی و لۆجیستییەکانەوە و سزاکانی تورکیا لەسەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، کە تێیدا هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە ناچار بوون بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان گەشتی پارێزگای هەولێر بکەن، ئێستا بە دەستپێکردنەوەی فەرمی کارەکانی ئەم نووسینگەیانە لەژێر چەتری کۆمپانیای “Gateway/VFS Global”، بارگرانی و مەسرەفی زیادە لەسەر شانی هاووڵاتییانی سلێمانی و کەرکووک لادەچێت و دەتوانن لە شارەکانی خۆیاندا مامەڵەکانیان ڕایی بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *