گشتی

پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا

پشوو – Slemani Daily

بەپێی ڕۆژمێری فەرمی پشووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی 14ی تەممووزەوە، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگا و دامەزراوە حکومییەکان دەبێتە پشووی فەرمی.

بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پشووە فەرمییەکانی ساڵی 2026 دیاریکراوە، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 14ی تەممووزی 2026، پشووی فەرمی دەبێت، ئەم پشووە گشتگیرە و سەرجەم وەزارەتەکان، فەرمانگەکان، و دامەزراوە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.،پاش کۆتاییهاتنی پشووەکەش، لە ڕۆژی چوارشەممە، 15ی تەممووز، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکاندا دەستپێدەکاتەوە.

شۆڕشی 14ی تەممووزی ساڵی 1958، کە بە کودەتای سەربازی بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم دژی ڕژێمی پادشایەتی فەیسەڵی دووەم ئەنجامدرا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە عێراقدا، لە ڕێگەی ئەم شۆڕشەوە کۆتایی بە سیستمی پادشایەتی هێنرا و بۆ یەکەمجار دامەزراندنی کۆماری عێراق ڕاگەیەندرا.

ئەم ڕووداوە لە مێژووی هاوچەرخی کوردیشدا گرنگی خۆی هەیە، چونکە لە دەستووری کاتیی ئەو سەردەمەدا بۆ یەکەمجار ئاماژە بە هاوبەشیی کورد و عەرەب لە نیشتماندا کرا و ڕێگە بە گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵانی درایەوە بۆ عێراق.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *