دەریای ئیجە – Slemani Daily
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە سەرانسەری ئەوروپا ڕایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی وڵاتی یۆنان وەرگەڕاوە و نوقم بووە، کە بەهۆیەوە 6 کۆچبەر بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە لە سەرچاوە فەرمییەکانی کۆمەڵەی پەنابەرانەوە گەیشتوون، بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لەنێو دەریای ئیجە وەرگەڕاوە و نوقم بووە، کە بەهۆیەوە 6 کۆچبەر بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری و پاسەوانی کەناراوەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و پرۆسەی گەڕان و ڕزگارکردن بۆ دۆزینەوەی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامە.
کەناراوەکانی یۆنان و دەریای ئیجە یەکێکن لە ڕێڕەوە سەرەکی و مەترسیدارەکانی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، ساڵانە هەزاران کۆچبەر بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و ناپێشکەوتوو لەم ناوچانەدا ڕووبەڕووی وەرگەڕان و خنکان دەبنەوە.
