دوورخستنەوەی عەبدولەتیف سەلەفی – Slemani Daily
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کۆتایی لەسەر لادان و دوورخستنەوەی هەمیشەیی بۆ دکتۆر عەبدولەتیف سەلەفی لە زانکۆی سلێمانی دەرکرد، ئەمەش دەستبەجێ دوای پەسەندکردنی تەواوی ڕاپۆرت و ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە زانکۆکە.
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە لە بەڵگەنامەی فەرمی دا بڵاوکراوەتەوە، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە نووسراوی ژمارە 1370 لە ڕێکەوتی 1/7/2026 بڕیاری سزادانی بۆ (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا) مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی دەرکردووە. سزاکە بریتییە لە (العزل) کە بەواتای دوورخستنەوەی یەکجاری دێت لە پۆستەکەی.
ئەم بڕیارە وەزارییە پاڵپشت بەم ڕێکار و یاسایانەی خوارەوە دەرچووە:
پەسەندکردنی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی بە نووسراوی ژمارە 934/28 لە ڕێکەوتی 1/7/2026.
پشتبەستن بە ماددەی 4 (بڕگەی 8 و 9) لە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 14ی ساڵی 1991.
سزای العزل – دوورخستنەوە بەپێی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە توندترین سزای کارگێڕی دادەنرێت کە ڕووبەڕووی فەرمانبەر یان مامۆستایەک ببێتەوە. جیاوازی ئەم سزایە لەگەڵ سزای دەرکردنی ئاسایی (الفصل) ئەوەیە؛ لە کاتی دەرکردندا فەرمانبەر دەتوانێت دوای ماوەیەکی دیاریکراو بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، بەڵام سزای (العزل) بەواتای بڕینی تەواوی پەیوەندی فەرمانبەرەکە دێت بە دامەزراوە حکومییەکانەوە بۆ هەمیشە، و لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەی پێنادرێتەوە لە هیچ فەرمانگەیەکی تری دەوڵەت دابمەزرێتەوە.
