زیادکردنی مووچە – Slemani Daily
لیژنەی هەموارکردنەوەی یاسای مووچە لە عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ زیادکردنی مووچەی بنەڕەتیی پلە نزمەکان و هاوسەنگکردنی داهاتی فەرمانبەران لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، بەپێی پڕۆژەکە دەرماڵەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی مووچەی بەرزیان هەیە کەم دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان سەرجەم فەرمانبەراندا دروستببێت.
هەناو ئەسەدی، سەرۆکی لیژنەکە و بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمی “سەباح” ڕایگەیاند: “بڕیارە مووچەی بنەڕەتیی پلە نزمەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادبکرێت، تاوەکو لە کاتی خانەنشینبووندا بتوانن مووچەیەکی شایستە وەربگرن.”
ئەسەدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە نەهێشتنی جیاوازییە گەورەکانی نێوان وەزارەتەکانە، بە جۆرێک دوو فەرمانبەر کە هەمان بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیان هەیە، مووچەکانیان هاوتا یان زۆر نزیک بێت لەیەکەوە؛ نەک وەک ئێستا کە فەرمانبەرێکی هەندێک وەزارەت 3 ئەوەندەی وەزارەتێکی دیکە مووچە وەربگرێت. ئەم پڕۆژە نوێیەش سەرجەم سێکتەرە سەربازی، ئەمنی و شارستانییەکان دەگرێتەوە.
له لایهكی دیكهوه، سەرۆکی لیژنەکە ئاشکرای کرد کە پڕۆژەی “ژمارەی فەرمانبەریی یەکگرتوو” (الرقم الوظيفي) لە ئێستادا 70%ی کارەکانی تەواو بووە، لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە ناوی سەرجەم مووچەخۆران یەکدەخرێت، ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوە و بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی زیاتر لە مووچەیەکیان هەیە.
سیستەمی مووچە لە عێراق ساڵانێکە بەدەست ناهاوسەنگییەکی گەورەوە دەناڵێنێت، بەهۆی ئەوەی هەندێک وەزارەت و دامەزراوەی تایبەت دەرماڵەی بەرز و ناڕێژەیی بە فەرمانبەرەکانیان دەدەن، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی پڕۆژەی ژمارەی فەرمانبەریی یەکگرتووەوە کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکات، هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خەرجییەکانی دەوڵەت بکات، دیاردەی فەرمانبەری وەهمی نەهێڵێت و دادپەروەری لە دابەشکردنی بودجەی گشتیدا بەدی بهێنێت.
