خۆپیشاندان – Slemani Daily
کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی دەبێتە مەیدانی نوێترین کاردانەوە دژی د. عەبدولەتیف ئەحمەد، و بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری لەو شوێنەدا دژی ناوبراو ڕێکبخرێت.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی، لە بەردەم کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی د. عەبدولەتیف ئەحمەد ئەنجام بدرێت؛ ئەمەش دوای ئەو دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگیی دزەپێکراوی ناوبراوەوە کە لەزانکۆی شەریعە دروستبووە.
بەپێی ئەو ئاگادارییەی بۆ ڕێکخستنی گردبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە، خۆپیشاندانەکە لە ژێر دروشمی “پاراستنی کچ, منداڵ و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە” بەڕێوەدەچێت، لایەنی ناڕازی و ڕێکخەرانی پێیان وایە کە ناوەڕۆکی تۆمارە دەنگییەکە هۆکاری سەرەکیی ئەم جوڵە مەیدانییەیە، لە کاتێکدا دژبەرانی ئەو مامۆستایەی زانکۆ فشارەکانیان لەسەرجەم ئاستەکاندا چڕکردووەتەوە.
ئەم گرژیانە دوای ئەوە دێن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند تۆمارێکی دەنگیی دزەپێکراوی د. عەبدولەتیف ئەحمەد ڕێبەری ڕەوتی سەلەفی و مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، لە لایەن کەسایەتییەک بە ناوی بیلال مەحموود ناسراو بە “یاخی” بڵاوکرایەوە، لە بەرامبەردا، د. عەبدولەتیف تۆمارەکە بە ساختە و دروستکراوی “ژیریی دەستکرد” ناو دەبات و ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا، بەڵام بەو مەرجەی باوکی ئەو کچانەی لە بابەتەکەدا ناویان هاتووە لەبەردەم دادوەر ئامادە بن.
