دۆزینەوەی تەرم – Slemani Daily
پۆلیسی فریاکەوتنی سنە ڕایگەیاند کە تەرمی ژنێک و کچەکەی لەناو ئاوی دەریاچەی سەرابی قوروە لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراونەتەوە و لێکۆڵینەوەش بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
دوای گەیشتنی زانیاری لەسەر هەبوونی دوو تەرم لە دەریاچەی سەرابی قوروە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەریانخستووە کە تەرمەکان هی دایکێکی تەمەن نزیکەی 40 ساڵ و کچەکەیەتی.
تیمەکانی فریاگوزاری دوای دەرهێنانی تەرمەکان لە ئاوەکە، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانیان، تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ناوچەکە کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، ڕووداوەکانی خنکان لەو وڵاتەدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە؛ بە شێوەیەک تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 282 ڕووداوی جۆراوجۆر لە ڕووبار، گۆم و بەنداوەکاندا تۆمارکراون، کە بەهۆیانەوە 146 کەس گیانیان لەدەستداوە.
