گشتی

یەکێتی زانایان خواردنەوەی جۆرێکی بیبسی حەڕام کرد

دەقی هەواڵ

فەتوای یەکێتی زانایان – Slemani Daily

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان لە کڕینی جۆرێکی نوێی خواردنەوەی گازیی “بیبسی” کە ئاڵای عێراقی لەسەر نەخشێنراوە، ڕاشیگەیاندووە کە بەهۆی بوونی وشەی (الله أکبر) لەسەر قوتووەکە، کڕین و فرۆشتنی دروست نییە و پێویستە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بکرێت.

ماوەیەکە لە بازاڕ و مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان، جۆرێکی نوێی خواردنەوەی گازیی “بیبسی” بڵاوبووەتەوە کە وێنەی ئاڵای کۆماری عێراقی لەسەر قوتووەکەی کێشراوە، بەهۆی ئەوەی ئاڵای عێراق وشەی پیرۆزی (الله أکبر)ـی لەسەرە، ئەم بابەتە کاردانەوە و دەنگدانەوەی زۆری لەناو هاووڵاتییان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

لەسەر ئەم بابەتە، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: “لەبەر ئەوەی ناوی (الله) پیرۆزە و ئەرکە لەسەر هەمووان بە پیرۆزی ڕایبگرن و بیپارێزن، بەهیچ شێوازێک قابیلی سووکایەتی و بێڕێزی نییە.”

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد کە دروست نییە ئەم ناوە پیرۆزە لەسەر کاڵا و شتومەکی بازرگانی بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لەسەر قوتووی خواردنەوەکان؛ چونکە دوای بەکارهێنانیان فڕێدەدرێنە ناو زبڵدان و شوێنە نەشیاوەکانەوە، ئەمەش بێڕێزییە بە ناوی خودا.

مەسەلەی بەکارهێنانی هێما و دەقە ئایینییەکان لەسەر کاڵا و شتومەکە بازرگانییەکان، هەمیشە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئیسلامی جێگەی مشتومڕ بووە، پێشتر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین جار لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشدارییان داوەتە کۆمپانیاکان کە ناوی پیرۆز و ئایەتە قورئانییەکان لەسەر ئەو کەلوپەلانە بەکارنەهێنن کە ئەگەری فڕێدان یان پێپیاکێشانیان هەیە.

ئەم هۆشدارییەی ئێستای یەکێتیی زانایانیش لە چوارچێوەی پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان و ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە بێڕێزییەک کە بەهۆی کاڵا بازرگانییەکانەوە ڕووبدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *