دەقی هەواڵ
دابەشکردنی زەوی- Slemani Daily
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان مۆڵەتێکی 20 ڕۆژی بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە دیاری دەکات و ڕادەگەیەنێت هەر هاووڵاتییەک لەو ماوەیەدا سەردانی بریکارەکەی نەکات، مافی وەرگرتنی پشکەکەی نامێنێت. ئەم بڕیارەش وەک ڕێکارێکی خێرا بۆ ڕێگری لە تێکچوونی کەرەستە خۆراکییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە دەرکراوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی ڕایگەیاند: “سەرجەم بریکارەکانی خۆراک ئاگادارکراونەتەوە، هەر کەسێک لە ماوەی (20) ڕۆژدا سەردان نەکات بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکەکەی، دوای ئەو ماوەیە مافی ئەوەی نامێنێت وەریبگرێت.”
نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیکردەوە کە هۆکارەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەوا و وەرزی گەرماوە هەیە، چونکە بەشێک لە بریکارەکان شوێنیان گونجاو نییە بۆ هەڵگرتنی خۆراک بۆ ماوەیەکی درێژ، مانەوەی کەرەستەکان لەناو کۆگا و دووکانەکاندا دەبێتە هۆی تێکچوون و خراپبوونی ماددەکان، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان بابەتەکە پشتگوێ نەخەن و دوانەکەون.
شێوازی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا و جۆری کەرەستەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لە وەرزی هاویندا بەهۆیگەرمای زۆر و نەبوونی سیستمی ساردکەرەوەی پێشکەوتوو لە زۆربەی کۆگاکانی بریکارەکاندا، کوالێتی شلەمەنی و کەرەستە وشکەکان تێک دەچن و خراپ دەبن، ئەم جۆرە بڕیارانە پێشتریش بۆ پاراستنی سامانی گشتی و ڕێگری لە بەفیڕۆچوونی خۆراک دراون، تاوەکو هاووڵاتییان ناچار بکرێن لە کاتی گەیشتنی بەشەخۆراکەکاندا بەپەلە و لەکاتی خۆیدا پشکەکانیان ببەنە ماڵەوە.