گشتی

شارەوانی ئاگادارییەکی بەپەلە بۆ وەرگرتنی زەوی بڵاودەکاتەوە 

دەقی هەواڵ

دابەشکردنی زەوی- Slemani Daily

سەرۆکایەتی شارەوانی شارەزوور ئاگادارییەکی بەپەلە ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتی و خانەنشینانە دەکات کە ناویان لە لیستی نوێی وەرگرتنی زەویدا هاتووە، و داوایان لێدەکات لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا سەردانی شارەوانی بکەن بەمەبەستی وردبینی و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان، بەپێچەوانەوە مافیان دەفەوتێت.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەرۆکایەتی شارەوانی شارەزوور لیستی ناوی ئەو هاووڵاتیانەی بلڵوکردەوە کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە و فەرمانی تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوونیان هەیە، پێویستە لە ماوەی یەک هەفتەدا سەردانی هۆبەی موڵکایەتی شارەوانی بکەن بۆ ئەنجامدانی مامەڵەی وردبینی و ئەستۆپاکی (بەرائەت زیمە).

شارەوانی چەند مەرج و ڕێنماییەکی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان دیاری کردووە:

 بۆ خانەنشینان: پێویستە (5) کۆپی ڕەنگاوڕەنگی (کارتی نیشتمانی خۆی و هاوسەرەکەی + کارتی زانیاری) لەسەر یەک لاپەڕەی A4 پێشکەش بکەن، لەگەڵ نووسینی ناوی چواری و ژمارەی مۆبایل.

 بۆ کۆچکردووان: ئەوانەی ناویان هاتووە و لە ژیاندا نەماون، پێویستە وارسەکانیان وێنەیەک لە بەڵگەنامەی مردن (شهادة وفاة) لەگەڵ خۆیان بهێنن.

 بۆ نەخۆش و بەتەمەنەکان: ئەو کەسانەی بەهۆی نەخۆشی یان زۆری تەمەنەوە ناتوانن ئامادە بن، دەتوانن لە ڕێگەی منداڵەکانیانەوە (کوڕ یان کچ) پێداویستییەکان بنێرن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە جگە لەو ناوانەی بڵاوکراونەتەوە، تکایە چاوەڕوانی لیستەکانی داهاتوو بن و هیچ بەڕێزێکی تر سەردانی شارەوانی نەکات بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت.

پرۆسەی دابەشکردن و تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران، خانەنشینان و چین و توێژە جیاوازەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ماوەیەکە دەستیپێکردووەتەوە، شارەوانییەکان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ناوی خشتەیی و قۆناغ بە قۆناغ کار بۆ ڕێکخستنەوە و وردبینیکردنی فۆرم و بەڵگەنامەکانی هاووڵاتیان دەکەن، تاوەکو دڵنیابنەوە لەوەی کە زەوییەکان بە شێوەیەکی یاسایی بەسەر شایستەکاندا دابەش دەکرێن.

  • لیستی ناوی ئەو هاووڵاتیانەی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی هاتووە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *