دەقی هەواڵ
قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی کۆتایهات- Slemani Daily
وەرزی قەدەغەکردنی ماسی کۆتاییهات ، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی ڕێگەیان بە ڕاوچیان دایەوە دەست بە ڕاوکردنی ماسی بکەنەوە، بەڵام جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییە ژینگەیییەکان دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، ماوەی قەدەغەکردنی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات.
بێستون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند: لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی گەراکردنی ماسی، بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی کۆتایهات، لەمەودوا ڕاوچیان دەتوانن بە شێوازی یاسایی کارەکانیان دەستپێبکەنەوە.
بێستون نەجمەدین، ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا بەکارهێنانی ڕێگا نایاساییەکانی وەک کارەبا، تەقەمەنی، ژەهر و تۆڕی کونکورتیل بە توندی قەدەغەیە، و هەر سەرپێچیکارێک دەستگیربکرێت، ڕووبەڕووی سزای دارایی و یاسایی توند دەبێتەوە.
ساڵانە لەگەڵ سەرەتای وەرزی بەهار و لەپێناو پاراستنی سامانی ماسی و ڕێگەدان بە پرۆسەی گەراکردن و زیادبوونی سروشتی ماسییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕاوکردنی ماسی لە سەرجەم ڕووبار و دەریاچەکاندا قەدەغە دەکات، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە لەناوچوونی ئەم سامانە نیشتمانییە و ڕێکخستنەوەی کەرتی ماسیگری لە ناوچەکەدا.