گشتی

 وەرگەڕان و گڕگرتنی پاسێکی حاجییان زیاتر لە 25 قوربانی لێکەوتەوە

دەقی هەواڵ

گیان لەدەستدانی حاجیان – Slemani Daily

ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ لەسەر ڕێگەی نێوان بەسرە و زیقار ڕوویدا، کە تێیدا پاسێکی گواستنەوەی حاجییان وەرگەڕا و دواتر گڕی گرت، بەهۆی ڕووداوەکەشەوە زیاتر لە 25 کەس گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی عێراق بە پشتبەستن بە سەرچاوە تەندروستییەکان بڵاویانکردەوە، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە پاسەکە لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بووە، بەهۆی توندی ڕووداوەکە و گڕگرتنی پاسەکە، ژمارەیەکی زۆر لە سەرنشینەکان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و کار بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک دەکەن، سەرچاوە تەندروستییەکانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەرجەم حاجییەکان دانیشتووی پارێزگای بەسرەن و بەهۆی سەختی برینەکانی هەندێک لە بریندارەکان، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاماری گیانلەدەستدان هەیە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ڕێگەکانی نێوان پارێزگاکانی باشووری عێراق بەهۆی خراپی کوالێتی ڕێگەوبانەکان و پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتووچۆ، بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگەکانی عێراق دادەنرێن، ساڵانە سەدان ڕووداوی هاتووچۆ لەم ڕێگەیانەدا ڕوودەدەن کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتی، ئەمە جگە لەوەی حاڵەتەکانی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل لە کاتی ڕووداوی هاتووچۆدا لە ناوچەکەدا بووەتە مایەی نیگەرانی و داواکارییەکی بەردەوامی خەڵک بۆ باشترکردنی ژێرخانی ڕێگەوبانەکان و پێداچوونەوە بە سیستەمی سەلامەتی گواستنەوەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *