گشتی

بڕیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی غازی ماڵان درا

دەقی هەواڵ

قەیرانی غاز  – Slemani Daily

قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا پشکی غازی شارەکە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر کارگەکاندا دابەش بکات و لەژێر چاودێری تونددا بیگەیەنێتە دەستی هاوڵاتیان، هاوکات پلانێکی ستراتیژی بۆ خەزنکردنی غاز بۆ وەرزی زستان دەستی پێکردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی هەر قەیرانێک بگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بە وەکالەت، لەگەڵ لیژنەی باڵا و لیژنەی غازی سەر بە لیژنە هاوبەشەکان و خاوەن کارگەکانی غاز کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنێتی ڕێکخستنەوەی پرۆسەی وەرگرتن و دابەشکردنی غازی 

ماڵان کرا.

لەم چوارچێوەیەدا، وەرزێر عەبدوڵا، نوێنەری کارگەکانی غازی سلێمانی ڕایگەیاند: “ئەو بڕە غازەی ئێستا دێتە شاری سلێمانییەوە بەشی پێویست دەکات و کێشەی کەمبوونی غازمان نەماوە.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کەمیی خواست لە وەرزی هاویندا، پلان جێبەجێ دەکەن بۆ خەزنکردنی بڕێکی زۆری غاز لە کۆگاکاندا، تا لە وەرزی زستاندا هاوڵاتیان تووشی گرفتی کەمبوونی غاز نەبنەوە.

شاری سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، بەهۆی سەرما و زیادبوونی خواست بۆ گەرمکەرەوەکان، ناوبەناو تووشی قەیرانی کەمبوونی غازی ماڵان و بەرزبوونەوەی نرخەکەی دەبووەوە. ئەم هەنگاوە نوێیەی قائیمقامیەت و کارگەکان وەک هەوڵێکی پێشوەختە دێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو قەیرانە و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان لە ڕێگەی چاودێریی ڕاستەوخۆیی لیژنە هاوبەشەکانەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *