دەقی هەواڵ
هاتووچۆ – Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڕیاریدا هاووڵاتییان بەشداری پێبکات لە چاودێریکردنی سەرشەقامەکان، لە ڕێگەی تەرخانکردنی ژمارەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچییەکانی شۆفێران.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە بڕیارێکی نوێدا، داوا لە هاوڵاتییان و گەشتیاران دەکات لە ڕێگەی تەرخانکردنی ژمارەیەکی تایبەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچییەکانی شۆفێران تۆمار بکەن و بنێرن، بەمەبەستی بەشداریپێکردنیان لە چاودێریکردنی سەرشەقامەکان و پاراستنی سەلامەتی گشتی.
هاتووچۆی سلێمانیی داوا دەکات هەر هاووڵاتییەک شۆفێرێکی بینی سەرپێچی ڕێنماییەکان دەکات، ڤیدیۆی سەرپێچییەکە تۆمار بکات و لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی (ڤایبەر یان واتساب) بۆ ژمارە (07716727777) ی بنێرێت، بەو مەرجەی ڤیدیۆکان هیچ وتە و کردارێکی نەشیاویان لەگەڵدا نەبێت، بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیاییش دەدات کە ناو و ناونیشانی نێرەری ڤیدیۆکە بە تەواوی پارێزراو دەبێت.
ئەم هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانیی لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و کۆنترۆڵکردنی سەرپێچییەکان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و بەشداریپێکردنی کۆمەڵگەیە و پێشتر، چاودێریکردنی سەرپێچییەکان تەنها لە ڕێگەی مەفرەزەکان و کامێراکانی چاودێرییەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام زیادبوونی ڕێژەی سەرپێچییەکان لە ناوچە گەشتیارییەکان و سەرشەقامەکان، وای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە پەنا بۆ هاوکاری ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان ببەن بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی