دەقی هەواڵ
کەش و هەوا – Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە ماوەی چل و هەشت کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلێکی نمە باران و تاوە بارانی خوڕ ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە کە لە هەندێک ناوچەدا لەگەڵ بروسکە و هەورەتریشقەدا دەبێت و هاوکات پلەکانی گەرماش بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمانی هەرێم لە نێوان هەور و نیمچە هەوردا دەبێت و لە کاتەکانی بەیانی تا ئێوارە نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات دەبارێت کاتێک لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەرییەکەی بە شێوەی پچڕپچڕ بۆ ناوچە نیمچە شاخاوییەکان درێژدەبێتەوە و لە بەرانبەریشدا ناوچەکانی باشووری هەرێم ڕووبەڕووی تۆز و خۆڵێکی سووک دەبنەوە کە خێرایی با تێیدا لە کاتەکانی نیوەڕۆدا بۆ سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت و مەودای بینین بۆ کەمتر لە حەوت کیلۆمەتر کەم دەکاتەوە.
بۆ سبەی سێشەممە پێشبینی دەکرێت ئاسمان بە تەواوی بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و سەرەتا نمە باران لە ناوچە سنوورییەکانەوە دەستپێبکات و لە هەندێک کاتدا ببێتە تاوە بارانی بەخوڕ و هەورەتریشقە کاتێک لە دوای نیوەڕۆدا شەپۆلەکە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەولێریش دەگرێتەوە و خێرایی با لە باکووری خۆرئاواوە بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت پێش ئەوەی لە کاتەکانی ئێوارەدا دۆخی کەشوهەوا بەرەو سەقامگیربوونەوە بچێت.
هەرێمی کوردستان لەم وەرزەدا بەدەست گۆڕانکاری خێرای کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە دەناڵێنێت کاتێک لە چەند هەفتەی ڕابردوودا شەپۆلەکانی تۆز و خۆڵ و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەری نەرێنییان لەسەر هاتوچۆ و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دروستکردبوو و ئەم شەپۆلە نوێیەی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما وەک گۆڕانکارییەکی کاتی لە کەشی ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.