گشتی

تونێلی پێشڕەو بۆ ماوەی هەفتەیەک بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت

دەقی هەواڵ

هاتووچۆ  – Slemani Daily

بەڕێوەبەرایەتی تونێلی پێشڕەو ئاگادارییەکی گرنگی ئاڕاستەی شۆفێران و هاوڵاتیان کردووە، تێیدا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەنجامدانی کاری چاکسازییەوە، تونێلەکە بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی هەفتەیەک بە ڕووی هاتووچۆدا دادەخرێت

بەڕێوەبەرایەتی تونێلی پێشڕەو هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە بەهۆی ئەنجامدانی پرۆسەی کاری چاکسازی و پاککردنەوەی تونێلەکە داخستنی کاتیی تونێلەکە لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (17/5/2026)ەوە دەستپێدەکات، ئەم داخستنە تەنها لە کاتژمێرەکانی شەودا دەبێت، بە شێوەیەک کە شەوانە لە کاتژمێر (10:00)ی شەو تا کاتژمێر (5:00)ی بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر بەردەوام دەبێت، و تەواوی کارەکانیش ماوەی یەک هەفتە دەخایەنێت.

لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی و ڕێگریکردن لە دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە سەرجەم شۆفێران و هاوڵاتیان دەکات کە لەو کاتانەدا ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن و بە تەواوی پابەندی ڕێنمایی و ئاماژەکانی هاتووچۆ بن تاوەکو کارەکانی چاکسازی بە سەرکەوتوویی کۆتاییان دێت.

هۆکاری سەرەکی ئەم داخستنە کاتییە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازیی دەوری دەگەڕێتەوە، کە تێیدا کار لەسەر پاککردنەوەی تەواوی ناو تونێلەکە، بەردان و ڕێڕەوکردنی ئەو ئاوانەی لە پشتی دیوارەکاندا کۆبوونەتەوە، و چاکسازیکردنی گشتگیر لە سەرجەم ئامێر و سیستەمە کارەبایی و میکانیکییەکاندا دەکرێت بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە کارکردنیان بە شێوازێکی دروست و پاراستنی سەلامەتی هاتووچۆ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *