دەقی هەواڵ
گیان لەدەستدان – Slemani Daily
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای کەلار بەهۆی ڕووداوێکی گیانلەدەستدان لە کاتی وەرگرتنی غازدا، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فرۆشیارێکی غاز دەرچوو و لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامن.
عەقیدی پۆلیس سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هاووڵاتییەک بەناوی (علی حەمە امین قادر) کە لەدایکبووی ساڵی 1970 و دانیشتووی گەڕەکی کەلاری کۆنە، لە کاتی وەستان لە سەرەی وەرگرتنی غازدا گیانی لەدەستداوە، لە ئێستادا تەرمەکەی بەمەبەستی توێکاری و دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی مردنەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.
دوای ڕووداوەکە، کەسوکاری کۆچکردووەکە سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە، بەو هۆیەوە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فرۆشیاری غازەکە دەرچووە و ڕێکارە یاساییەکان لە بەرامبەری گەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێکردن.