دەقی هەواڵ
پاسەکانی سلێمانی – Slemani Daily
بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی لە هەوڵدایە پاسە کۆنەکانی ناو شار بە پاسی مۆدێرن و کارەبایی جێگۆڕکێ پێ بکات، بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆکانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دەستپێکردووە.
جەمیل کۆچەر، بەڕێوبەری گواستنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکە لە قۆناغی گفتوگۆدایە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ دابینکردنی پاسی نوێ بۆ ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان کۆن بووە. هاوکات کۆمپانیایەکی فینلاندیش ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ هێنانەناوەوەی پاسی کارەبایی سێ دەرگا، کە تایبەتمەندی ئاسانکارییان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تێدایە. بڕیارە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، ئەم پاسە نوێیانە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بە شێوەی 24 کاتژمێری کار بکەن.
بەپێی داتا فەرمییەکانی سەندیکای گواستنەوە، لە ئێستادا 1,732 پاس لە 21 هێڵی جیاوازی سلێمانیدا کار دەکەن. کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە نزیکەی 150 پاسیان مۆدێلیان لە خوار ساڵی 2000ـەوەیە، ئەمەش جگە لە دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ، زیانێکی زۆریشی بە ژینگەی شارەکە گەیاندووە و پێویستیی گۆڕینیانی کردووەتە ئەولەویەت.