دەقی هەواڵ
ڕێکاری هاتووچۆ – Slemani Daily
هاتووچۆی سلێمانی هۆشدارییەکی تووند دەداتە شۆفێرانی بارهەڵگر و ڕایدەگەیەنێت؛ هەر بارهەڵگرێک لە کاتی قەدەغەکراودا بەرەو سەیرانگاکان بجوڵێت، لەلایەن مەفرەزە و بازگەکانەوە ڕادەگیرێت. ئەم بڕیارە بۆ ڕێگریکردنە لەو کارەساتە دڵتەزێنانەی کە بەهۆی قەرەباڵغی و لۆدی زۆرەوە لە ناوچە گەشتیارییەکان ڕوودەدەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی هاتووچۆی سوارڕەوە بارهەڵگرەکان بۆ ناوچە گەشتیاری و سەیرانگاکان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی تاوەکو ١٢ی شەو. ئامانج لەم بڕیارە فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام و دوور لە لۆد و قەرەباڵغییە بۆ هاوڵاتییان.
هاتووچۆ جەختی کردۆتەوە کە سەرجەم بازگە و مەفرەزەکانی دەرەوەی شار ڕاسپێردراون و ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەیان خراوەتە ئەستۆ، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە.
ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە وەرزی گەشتوگوزاردا بەهۆی تێکەڵبوونی بارهەڵگرەکان و ئۆتۆمبێلی گەشتیاران، ڕێگاکان دوچاری قەرەباڵغییەکی بێزارکەر و ڕووداوی مەترسیدار دەبنەوە، هەربۆیە هاتووچۆ بەم بڕیارە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی تەواوی ڕێگاکان بکات.