گشتی

دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستگیرکردنی پێنج تیرۆریستی داعشی ڕاگەیاند

دەقی هەواڵ

دەستگیکردنی تیرۆرستانی داعش – Slemani Daily

دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و جیاوازدا لە پارێزگاکانی سلێمانی، بەغدا، ئەنبار و دیالە، توانرا پێنج چەکداری  داعش  دەستگیرکربکرێن.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاشکرای کرد کە یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانی ئەم دواییەیان لە پارێزگای سلێمانی بووە، کە تێیدا بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری سلێمانی، توانراوە یەکێک لە پاشماوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیر بکرێت.

هاوکات لە پارێزگاکانی دیکە، هێزەکان توانیویانە چوار چەکداری دیکە دەستگیر بکەن کە بەم شێوەیە دابەش بوون:

• یەک چەکدار لە ناو جەرگەی شاری بەغدا.

• دوو تیرۆریست لە پارێزگای ئەنبار.

• چەکدارێکی دیکە لە سنووری پارێزگای دیالە.

هەر لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، دەزگای دژەتیرۆر ڕایگەیاند کە لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک، هێزەکانیان چەندین حەشارگەی نهێنییان دۆزیوەتەوە کە تیرۆریستان بۆ مەبەستی لۆجستی بەکاریان دەهێنا و سەرجەمیان وێران کراون.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی سووپای عێڕاق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، ئەم جۆرە چالاکییە هاوبەشانە بە گرنگ دەبینرێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی کە پاشماوەکانی داعش بۆ خۆحەشاردان و ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ سوودیان لێ وەردەگرن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *