دەقی هەواڵ
هەرزانبوونی سووتەمەنی – Slemani Daily
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند کە نرخی سەرجەم جۆرەکانی سووتەمەنی (غاز، نەوت، گازوایل و بەنزین) لە بازاڕەکانی سنووری پارێزگاکەدا دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەمەش دوای ماوەیەک لە جێگیربوونی نرخەکان دێت.
بەهمەن عەبدولقادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، وردەکاری گۆڕانکارییەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە نرخی یەک لیتر غاز بە بڕی 100 دینار دابەزیوە و لە ئێستادا بە 1000 دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان.
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنیش، ئاماژەی بەوە کرد کە هەریەکە لە نەوتی سپی و گازوایل (گاز) بە بڕی 50 دینار بۆ هەر لیترێک کەمبوونەتەوە، هەروەها هەر سێ جۆرەکەی بەنزین (نۆرماڵ، موحەسەن و سۆپەر) کەمترین بڕی دابەزینیان بەرکەوتووە کە تەنها 25 دینارە بۆ هەر لیترێک.
گۆڕانکاری لە نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا پەیوەستە بە ئاستی دابینکردنی سووتەمەنی لەلایەن بازرگانان و نرخەکانی تانکییەکانی دەرەوە، ئەم دابەزینە نوێیەش لە کاتێکدایە کە خواستی هاوڵاتیان بۆ سووتەمەنی بەردەوامی هەیە و هەر گۆڕانکارییەک لە نرخەکاندا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووی گواستنەوە و بژێوی ڕۆژانەی خەڵکی دەبێت.