دەقی هەواڵ
فرۆکە شوێن بزرەکانی عێڕاق ـ Slemani Daily
فەرمانبەرانی هێڵی ئاسمانی لە بەغدا مانگرتنیان ڕاگەیاند و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی 36 فڕۆکەی “بێسەروشوێن” و خەرجکردنی مووچەکانیان دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی نیسانی 2026، فەرمانبەرانی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ناو جەرگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستیان بە خۆپیشاندانی فراوان کرد؛ ناڕەزایەتییەکان دوای دیارنەمانی 36 فڕۆکەی هێڵەکە و پەککەوتنی مووچەکانیان دێت.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی مانگرتوو، چارەنووسی 36 فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراق بە نادیاری ماوەتەوە و تا ئێستا حکومەت ڕوونکردنەوەی فەرمی لەسەر شوێنی ئەو فڕۆکانە نەداوە، خۆپیشاندەران دەڵێن: “کەس نازانێت ئەو 36 فڕۆکەیە لە کوێن”، هاوکات تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە شایستە داراییەکانیان خەرج نەکراوە و ژیانی بژێوییان کەوتووەتە مەترسییەوە، هەر بۆیە داوای دەستبەجێ ئاشکراکردنی چارەنووسی فڕۆکەکان دەکەن.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدا سەرهەڵدەدات کە پێشتر لە کاتی گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا – ئیسرائیل ، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە عێراق بۆ پاراستنی فڕۆکەکانی لە ئەگەری هەر بۆردومانێک، بەشێک لە فڕۆکەکانی بۆ دەرەوەی عێڕاق گواستووەتەوە بەڵام گومانی ئێستای فەرمانبەران و دیارنەمانی ئەم ژمارە زۆرەی فڕۆکە کە 36 دانەیە، گومان و تەمومژێکی زۆری لای ڕای گشتی دروست کردووە.

