بڕیارێکی نوێ درا؛ یەدەگەکانی حەجی ئەمساڵ ساڵی داهاتوو بەبێ تیروپشک گەشت دەکەن

دەقی هەواڵ

حەجی ئەمساڵ ـ Slemani Daily 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی فەرمانێکی وەزاری بڕیاردراوە ئەو هاوڵاتییانەی بۆ حەجی ئەمساڵ ناویان لە لیستی یەدەگەکاندا بووە، بۆ وەرزی داهاتووی حەج بە دەرچوو ئەژمار دەکرێن و بەبێ تیروپشک گەشت دەکەن.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕەچاوکردنی بارودۆخی دەروونیی هاوڵاتییان و نەهێشتنی گلەیی و گازندە دەرکراوە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ناویان وەک یەدەگ گەڕاوەتەوە بەڵام بەهۆی تەواوبوونی پشکی دیاریکراو، نەیانتوانیوە ئەمساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاوڵاتییانە ساڵی داهاتوو ڕاستەوخۆ مافی گەشتکردنیان دەبێت و پێویست ناکات جارێکی دیکە ناویان بچێتەوە ناو تیروپشکەکانەوە.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان تیروپشک بۆ دیاریکردنی ناوی حاجیان ئەنجام دەدرێت و بەشێک لە هاوڵاتییان وەک یەدەگ ناویان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک لە ناوی سەرەکییەکان پاشەکشەی کرد یان کێشەیەکی بۆ دروست بوو، ئەوان جێگەی بگرنەوە. ئەمساڵ بەهۆی زۆریی داواکاری و سنوورداریی پشکەکان، وەزارەتی پەیوەندیدار بڕیاریدا بۆ قەرەبووکردنەوەی یەدەگەکان، مافی ئەولەویەتیان پێ بدات بۆ وەرزی داهاتوو.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان