بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیان کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی “کرمی جگەر” و تۆمارکردنی نزیکەی 90 حاڵەتی تووشبوون، بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە خواردنی سەوزەی “کوزەڵە” بەدوور بگرن، چونکە مەترسییەکی جددی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لەئێستادا حاڵەتەکانی تووشبوون بە کرمی جگەر لەناو هاووڵاتیاندا زیادی کردووە و زۆرینەی ئەو 90 حاڵەتەی تۆمارکراون لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین بوون. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم نەخۆشییە چارەسەرەکەی زۆر گران و تێچوویەکی زۆری هەیە، بۆیە باشترین ڕێگە تەنها خۆپارێزی و دوورکەوتنەوەیە لە خواردنی ئەو سەوزەیەی دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
سەوزەی “کوزەڵە” بەهۆی ئەوەی لە ناوچە ئاوییەکان و کەناراوەکاندا دەڕوێت، سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی کرمی جگەر بۆ مرۆڤ, پزیشکان هەمیشە هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە سەوزە کێوییانە ئەگەر بەباشی پاکژ نەکرێنەوە یان نەکوڵێنرێن، هێلکەی مشەخۆرەکان دەگوازنەوە بۆ ناو کۆئەندامی هەرسی مرۆڤ و لەوێوە دەچنە ناو جگەر و دەبنە هۆی هەوکردنی توند و تێکدانی شانەکانی جگەر.

