بە تۆمەتی دزینی 19 سەر ئاژەڵ تۆمەتبارێک دەستگیرکرا

مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق توانییان لە ماوەیەکی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە 19 سەر ئاژەڵی هاوڵاتییەکی دزیبوو و دواتر لە قەزای شارەزوور فرۆشتبوونی.

هاوڵاتییەک لە قەزای سەیدسادق سکاڵای یاسایی لەسەر دزینی ئاژەڵەکانی تۆمارکرد و دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بە گەڕان کرد و توانییان لە کاتێکی پێوانەییدا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن و دەستگیری بکەن.

تۆمەتبارەکە ناوی (ر، ر، ق) و لەدایکبووی ساڵی 1997ـە و لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە ئاژەڵەکانی بە ئۆتۆمبێلێک گواستووەتەوە بۆ قەزای شارەزوور و لەوێ ساغی کردوونەتەوە کە دواتر پۆلیس توانی دەست بگرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەکە و بەشێک لە ئاژەڵە دزراوەکاندا و پاش تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان ئاژەڵەکانی بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە.

لە ئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵدا دەکرێت چونکە ئەم جۆرە تاوانانە لە یاسادا سزای توندیان بۆ دیاریکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە هەر کارێکی نایاسایی کە ئارامی سنوورەکە تێک بدات.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان